23/05/2026
بەرەوە بۆ ڕیفۆرمی میدیایی لە لەندەن
بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنین کە ڕێکخراوی چاودێریی میدیای کوردی (چمک) بە هاوبەشی لەگەڵ دامەزراوەی پەروەردەیی کانگا (کیف) و دەزگای دیدگا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتیی (VisionAID)، سێهەمین کۆڕبەندی نیشتمانیی چمک بۆ ڕیفۆرمی میدیایی ڕێکدەخەن.
ئەو چالاکییە زانستییە نێودەوڵەتییە؛ لەماوەی دوو ڕۆژدا ژمارەیەک لە سەرکردە ئەکادیمییەکان و پسپۆڕانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیی بۆ تاووتوێکردنی «ڕیفۆرمی میدیایی لە ناوچەکانی پاش-ململانێ: کۆنفرانسێکی زانستیی نێودەوڵەتیی لەبارەی نەخشەڕێی سیاسەتی ستراتیژیی کوردستان» کۆدەکاتەوە.
ئەو کۆڕبەندە گەورە و گرنگە لە ڕۆژانی ٨–٩ی تەمموزی ٢٠٢٦ لە هۆڵی سینەمای زانکۆی گۆڵدسمیس لە شاری لەندەن بەڕێوە دەچێت و پێشبینی بەشدارییەکی بەرفراوانی ئەکادیمیی، ڕۆژنامەنووسان، توێژەران و بڕیاربەدەستان دەکرێت، چوونکە ئامانجی سەرەکیی کۆڕبەندەکە بریتییە لە بنیاتنانی پردی پەیوەندی زانستیی بۆ گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیرۆکەکان دەربارەی داهاتووی ماف و ئازادییەکانی دەربڕین و ڕۆژنامەگەریی و چۆنێتی سەرپێخستنی ڕیفۆرمی میدیایی و دامەزراندنی ئەنجوومەنێکی نیشتیمانیی بۆ میدیایەکی کوردیی پیشەگەر لە کوردستان-دا.
Kurdish Media Watchdog Organization
Shwan Aivas