22/09/2026
ئەم دوو مانگە لە بازاڕی کریپتۆدا چی ڕوویدا؟
- بیتکۆین دوای نزیکی ساڵێك لە دابەزین، هەڵگەڕانەوەیەکی بەهێزی بۆ سەرەوە دەستپێکردووە.
- ئەم هاوینە هەتا ٥٧ هەزار $ دابەزی. ئێستا هاتۆتەوە نزیکی ٨٧ هەزار $.
- بەرەو سێهەم مانگی سەوز دەڕوات. لە ورچە بازاڕدا ئەوە دەگمەنە.
- سەرەڕای خراپی دۆخی هەڵاوسان، بەرزکردنەوەی سوو دوای ٣ ساڵ، و شکستی پرۆژەیاسای سەرمایە دیجیتاڵییەکان لە ئەمریکا، بیتکۆین لە هەفتەیەکدا نزیکی ١٠ هەزار $ ی دیکە بەرزبۆیەوە.
- دامەزراوەکان لەڕێی ETF ەکانەوە دەستیان کردۆتەوە بە کڕینی بیتکۆین و ئیسەریەم بەڕێژەیەکی زۆر. تەنها دوێنێ بایی نزیکی ١ ملیار $ کڕدراوە.
- ژمارەیەکی زۆری ئەڵتەکانیش بەدوای بیتکۆیندا زۆر بەرزبوونەوە. هەندێکیان چەند قات بوونەوە لەم دوو مانگەدا. ئەوانەی بەخێرایی جوڵان: SOL, HYPE, SUI, ZEC, INJ, S, ETH.
- بەشێک لە میمەکانیش خەبەریان بۆتەوە. لە سەرەتای گابازاڕی ٢٠٢١ دەچێت.
- ئەمڕۆ بۆ یەکەمجار دوای ٨ مانگ، کۆبەهای بازاڕی کریپتۆ، ٣ ترلیۆن $ ی تێپەڕاند.
- هەتا ئێستا دیار نییە، چی بوار و ناو و ترێندێکی تازە دەبێتە بەنزینی گڕگرتنی بازاڕی کریپتۆ لە وەرزی داهاتووی گابازاڕدا. لە ڕابردوودا بەڵێنە درۆینەکانی ICO کان، کۆینی خزمەتگوزارییە فشوفاڵەکان، دیفای، NFT، ئەی ئایەکان، تۆکنە دانسقەکان، و چەندین ناوی قەبەکراوی دیکە و لەسەروو هەمووشیانەوە میمەکان کرابوون بە گۆچانەکەی حەزرەتی مووسا بۆ دروستکردنی ملیۆنەر لە هیچەوە.
- هەموو ئەوانە وەکو بەرەماوە گەرمدەکرێنەوە، بەڵام لە شەپۆلی داهاتوودا بواری ئەی ئای، ڕۆبۆتە پشتبەستووەکان بە ئەی ئای، ئەوانەی بانگەشەی دژە کوانتەم کۆمپیوتەر دەکەن، ئنجا میمە دڵگیرەکان پاڵێوراوی سەرەکین.
لێرەوە چی دەبێت؟
- ئەم چەند هەفتەی ڕابردوو نرخی ٧٩٥٠٠$ بۆ بیتکۆین بوو بووە هێڵی بەربەست و بەرگری گەورە. ئایا ئەو نرخە دەبێتە هێلی پاڵپشتی لە ئەگەری دابەزینەوەی بازاڕدا؟ ئەگەر بیتکۆین لەکاتی دابەزینەوە لەوێدا خۆبگرێتەوە، گومان نامێنێت لەسەر کۆتایی ورچە بازاڕ و هەڵکشانەوە بەرەو ٩٠ هەزار لە هەفتەکانی داهاتوودا.
مامەڵەکاری ئازیز چی بکات باشە؟
- هێواش باژوون، ئەم هاش و هووشەی لەسەر فڕین هەیە، یەکجار وا نییە و وا نابێت بەخێرایی هەموو شتێک بگاتە سەر مانگ. لە کریپتۆدا، جاری وایە لە یەک ڕۆژدا، بازاڕ لە بەهارەوە دەبێتە چلەی زستان.
- بازاڕ تەنها گیرفانی ئەوانە پڕدەکات کە لە کاتی خۆیدا ریسکی گەورە دەکەن و لەکاتی پێویستیشدا، ئارام دەگرن و پەلەیان نییە. کە بیتکۆین چووە ٥٧ هەزار $، کاتی ریسکی گەورە بوو، بکڕیت و بکڕیت و بخەویت (دیارە باسی کڕین بۆ دوور مەودا و وەبەرهێنانە). ئێستا کە نزیکی ٣ دەفتەری خەت شینی ئەمریکی هاتۆتە سەرەوە، قیچەک وریا بن. بەتایبەت کە وەعزەکە شڕە بەهۆی شەڕوشۆڕ و دۆخی گشتی ئابوورییەوە.
- یەکێک لە باشترین ستراتیژیەتەکان بۆ قازانج و سوودمەندبوون بریتییە لە خۆدوورگرتن لە مامەڵەی بەردەوام و کڕین و فڕۆشتن هەموو خولەک و سەرە کاتژمێرێک. لە %٩٦ ی ئەوانەی لە بازاڕە داراییەکان، مامەڵەی ڕۆژانە و بەردەوام دەکەن، یا مایەپووچ بوون یان مێشک پووچ (ببورن). ئەو ڕاکە ڕاکە ناکرێت بەدوای چارت و مۆمی سەوز و سوور و شاشەکانەوە. ئەگەر جارجارە سووکە خێرێکیش لەو بەزمەیا هەبێت، شایانی ئەو کات و وزە و فشار و باجە زۆرە نییە کە لەسەر حیسابی ژیانی خۆت دەیدەیت. دەکرێ زۆرترین قازانج، لە کەمترین مامەڵە (ترەید)دا بێت.
- خۆشارەزاکردن و فێربوون کلیلەکەن. بازاڕە داراییەکان و بۆرسە و کریپتۆ بەگشتی (بێجگە لە گازینۆی میمەکان) قومارخانە نین. تەنها ئەوانە دەڵێن قومارە کە بە نەزانیی دەچنە بازاڕەوە. فێربوونی شیکاری تەکنیکی و تێگەیشتن لە بازاڕەکان و ئابووری جیهانی و کارامەییەکانی بواری مامەڵەی بۆرسە و بازاڕەکان یارمەتیدەری بەسوودن بۆ دۆزینەوەی دەرفەتەکان. ئایا زەمانی قازانجن؟ بێگومان نەخێر، بەڵام پێویستین. خۆ یۆ کە پارەی حەڵاڵی خۆت ئەخەیتە شتێکەوە، ئەبێ لانیکەم بزانی چی ئەکڕیت و بۆ ئەیکڕی و لەسەر چی پێوەر و پلانێک خۆی تێ فڕێ ئەدەیت.
بەهیوای ئەوەی هەمووان ببنە خاوەنی پارەیەکی حەڵاڵ و زوڵاڵ لە گابازاڕی داهاتوودا. جا ئیتر لە بۆرسەکاندا، زیو، کریپتۆ، ئاڵتوون، نەوت یا هەر سەرمایە و بازاڕێکدا بێت. لە کۆتاییشدا، گرنگ شاری دڵە نەسووتێ.