17/08/2021
ئایا عێراق ھەمان چارەنوسی ئەفغانستانی دەبێت ؟
دوای ٢٠ ساڵ جارێکی دیکە بزوتنەوەی تاڵیبان بە ھاوکاری ئەمریکا و چەند وڵاتێکی دیکە دەستی بەسەر ئەفغانستاندا گرتەوە و کۆتایی بەو حکومەتە ھێنا کە ٢١ ساڵە ڕۆچووە لە گەندەڵی و دزی و بەھەدەردانی سامانی میللەت .
دوێنێ کۆتایی بە ھەموو شتێك ھات لەبارەی ئەفغانستانەوە ، ئێستا چاوەکان بە گشتی لەسەر عێراقن ، ھەمووان دەپرسن و دەترسن ئەمریکا عێراقیش بە ھەمان چارەنوسی ئەفغانستان بسپێرێت؟
ئەگەر بەوردی لە ھەردوو دەوڵەتی عێراق و ئەفغانستان لەلایەك و سیاسەتی نوێی ئەمریکا لەلایەکی دیکە بڕوانین ، چەند خاڵێکی ھاوبەش لەنێوان عێراق و ئەفغانستان دەبینین ، بەڵام خاڵی گرنگ و جەوھەریان جیاوازە .
ئەمریکا بڕیاری داوە ھاوشێوەی ئەفغانستان تاوەکو کۆتای ئەم ساڵ ھێزە شەڕکەرەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە تەنھا چەند تیمێکی کەم نەبێت بۆ مەشقپێکردن و ڕاھێنانی سوپای عێراق ، ئەمریکا یەکەم ھەنگاوی لە ئەفغانستان بە ھەمان ئەم ڕێگەیە بوو .
عێراقیش ھاوشێوەی ئەفغانستان غەرقی گەندەڵی و دزی و بەھەدەردانی سامانی وڵات بووە و ھەزارەھا سەربازی بندیوار لەناو سوپا و ھێزی پێشمەرگەدا ھەن ھاوشێوەی ئەفغانستان .
ئەمە جگە لەوەی ئەمریکا ھاوشێوەی ئەفغانستان سەدان سەربازی لە عێراق بەکوشتداوە و ملیۆنان دۆلاری بۆ سوپای عێراق و حکومەتی عێراق تەرخان کردوە .
بەڵام خاڵی جەوھەری کە عێراق لە ئەفغانستان جیادەکاتەوە ئەوەیە لە عێراقدا ھێزێکی ڕێکخراوی وەك بزوتنەوەی تاڵیبان نیە بیەوێت دەست بەسەر عێراقدا بگرێت ئەمە لەلایەك ، لەلایەکی ترەوە بەرژەوەندی دەوڵەتانی دراوسێی عێراق ناخوازێت عێراق لەلایەن ھێزێکی وەك بزوتنەوەی تاڵیبانەوە بەڕێوەببرێت ، بەتایبەت ئێران و تورکیا کە ھەریەکەیان بەشێکی خاکی عێراقی بۆ بەرژەوەندی خۆی داگیرکردوە .
لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت بڵێین دوای کشانەوەی سوپای ئەمریکا لە عێراق ھیچ شتێك ڕوو نادات ، بە پێچەوانەوە ئەگەری ڕوودانی شەڕێکی خوێناوی ناوخۆیی لە عێراق ئەگەرێکی تەواو چاوەڕوانکراوە .
چونکە عێراق لەبەردەم ھەڵبژاردنێکی چارەنوس سازدایە ، کە ھیچ زەمانێك نیە کە ھەڵبژاردنێکی پاك و بێگەرد بێت و حیزبە سیاسیەکانی عێراق بێ ھیچ کێشەیەك دەرئەنجامی ھەڵبژاردن قبووڵ بکەن .
مێژووی ١٩ ساڵی ڕابردووی عێراق پێمان دەڵێت ، ئەگەری کوڵانی عێراق لەناوخۆدا زۆر مەترسیدارترە لە پەلاماردانی لەلایەن ھێزێکی دەرەکیەوە .
بۆیە ئەگەر سەرکردە سیاسیەکانی عێراق بە وریاییەوە ھەڵبژاردنەکان ئەنجام نەدەن و دەرئەنجامەکان قبووڵ نەکەن ، لەوانەیە شەڕێکی ناوخۆی خوێناوی لە عێراقدا ڕووبدات ، ئاوات بە بوونی ھێزێکی وەك بزوتنەوەی تاڵیبان بخوازین .
غیدان حسن ھەڵەبجەیی