31/01/2024
کاتێ پاڵەوانەکان پشتگوێ دەخرێن!
بەرەبەیانی (22-9-1942) نوێنەری تایبەتی ستالین (خرۆشۆف) دەگاتە بەندەری شاری (ستالینگراد- پیتەربورگی ئێستا) شارێک کە داروبەردی بەسەر یەکدا ڕوخاوە ، خەڵکی لە خەیاڵی ئەوەدایە چۆن لە ترسی سوپای نازی شارەکە جێبهێڵن ، سوپا بەجارێک ورەی لەدەستداوە، دەنگی موشەک و تانک و فڕۆکەکانی ئەڵمانیا (قیامەت)ێکیان هەستاندووە تەنانەت ژن منداڵ و پیاو هاوسەرەکەی خۆی جێدەهێڵێت.
فەرماندەی سوپای سوری سۆڤێیەت لەو شارە دوای چەند خولەکێک کۆبونەوە لەگەڵ خرۆشۆڤ دەمانچەکەی دەخاتە دەمیەوەو خۆی دەکوژێت چونکە دڵنیایە لەوەی شارەکە دەکەوێت و تەواوی ووڵاتیش دەکەوێتە دەست ئەڵمانیەکان بۆیە وا بە باش دەزانێت خۆی خۆی بکوژێت نەک بکەوێتە دەست دادگای سەربازی.
سەروەختێک خرۆشۆڤ لە ئەفسەرانی تری باڵا دەپرسێت لەم دۆخەدا دەبێت چی بکرێت ؟ یەکێک دەڵێت چەند کەسێک ڕەمی بکەین ، یەکێک دەڵێت ماڵ و مناڵی کۆمەڵێک کۆمەڵکوژ بکەین بۆ ئەوەی چاوترسێن بکرێن ، لەناو پێشنیاز و ترسی بێجێی ژەنراڵانی شڕەخۆر و تاج و نەجمەی ئوتوکراوی مێشک بەتاڵ ، ئەوانەی کە مێشکی داڵەکانی سەرشانیان لە مێشکی خۆیان فراوانترە ، دەنگێک بە دوو دڵی گومانەوە لەناو ئەو قیامەتەدا دێت .
ئەفسەرێکی گەنجی خوێندەوار ڕوودەکاتە خرۆشۆف و پێی دەڵێت (هیوا ... گەورەم دەبێت ئێمە هیوایان پێبدەین ، ئێمە پێویستیمان بە تانک و تۆپ و فڕۆکەی زیاتر نییە ، ئێمە پێویستیمان بە هیوایە ، خەڵکی ئەگەر هیوایان پێبدەیت ، لە دژە تانک زیاتر لە سەنگەردا دەمێننەوە ، بەخشینی هیوا تاکە بژاردەیە لە نێوان فیشەکی ئەڵمانەکان و ڕەمی کردن و تەخوێن کردنی ئێمەدا ، هیوا بەخشین ئازایەتی و خۆشەویستی خاک دێنێتە ئاراوە )
خرۆشۆڤ دەپرسێت ئەم هیوایە چۆن دروست بکەین ؟ئەفسەری گەنجی خوێندەوار دەڵێت :-
دەبێتە کەسە پەراوێز خراوەکان بهێنینە پێشەوە ، چیرۆکی کەسە سەرکەوتووەکان بکرێن بە مانشێتی یەکەمی لاپەڕەکان ، خەڵکی شوێن کەسە باشەکان دەکەون ، ئەوان ئیلهام لە کەسی باش وەردەگرن ، دەبێت ئێمە چەند کەسێک دورست بکەین خەڵک پێیان سەرسام بێت ، خۆشیان بوێت ، شوێنی بکەون ، گوێی لێبگرن ، ئێمە پێویستمان بە پاڵەوانی ڕاستەقینەیە ، نەک پاڵەوانی کارتۆنی و دروستکراو )
خرۆشۆڤ ، دەپرسێ لەم دۆخەدا تۆ کەس ئەناسی ؟
ئەفسەری گەنج دەڵێت بەڵێ من لە ستالینگراد کەسێک ئەناسم ئەو لە ئەکادیمیای سەربازی نەیخوێندووە بەڵکو ئەو شوانی مەڕ و ڕاوکەری گورگەکان بووە (ڤاسیلی زایستێف) ، ئەو کەسەی بووە هۆی ئیلهامی نەکەوتنی شارێک..............................................
کۆمەڵگە هەمیشە پێویستی بە پاڵەوانە بۆ ئەوەی خەڵکی ئیلهامی ڕۆحی لێوەربگرن ، مەرجی پاڵەوان بوونیش تەنها جلی ئوتوکراو و بڕوانامەی بەرز نییە .
پێدانی ئومێد لە پێدانی تانکی (تایگەر) و فڕۆکەی جەنگی بەهێزترە ، ئومێدێک کە لەسەر بنەمای وەک یەکی و دادپەروەری بونیاد نرابێت ، نەک لەسەر بنەمای مەحسوبییەت و مەنسوبییەت و خزمایەتی و پشتگیری ، سەروەختی ڕوخانی دواین خشتی دیوار ، بەرگری شوانێک زیاترە لە بەرگری تەزکییە کراوێک
ڕوپەڕی یەکەمی ڕۆژنامەکان و کاتی ئاڵتونی بەرنامەکان و پۆست و پلە و پایەو خزماتکاری خەڵک دەبێت بەو کەسانە بدرێت کە هێز و ڕەنگینی لە پەلەپیتکەی پەنجە و هزر و بیرکردنەوەیان دەتکێ نەک ئەوانەی ، لە شوێنی تریان دەتکێ ، کۆمەڵگا دەبێت ، نموونەی باڵا دروست بکات نەک نموونەی فاشیل ، خەڵک دەبێت شوێن نموونەی باڵا بکەوێت ، نەک نموونەی بەتاڵی دروستکراو .
پرسیارەکە ئەوەیە ئایا لەم دۆخەدا ، کە هەموو خەڵکی تەنها لە ڕێگەی وێنە و نمایش و کۆڕو کۆبوونەوە و ماستا و پیاهەڵدانەوە هەوڵی چونە پێشەوە دەدەن ، کەس نموونەیەکی وەک (ڤاسیلی) شک دەبات؟ ، کەس لە ژێر داروپەردووی ڕوخاوی کۆمەڵگا و لاشەی کەوتوی سوپادا نیشانەگرێکی پێ شک دێت ؟
ئایا کەس شوانێک ، پەراوێزخراوێک بێ پشت و پەنایەک ، بێ تەزکیەک ، ماستاونەکەرێک، خۆنمایش نەکەرێکی پێ شک دێت ؟
یان ئامادەن بیخەنە شوێنێکی بەرز ، تا کۆمەڵگە هیوایەکی بۆ بگەڕێتەوە و لەوە زیاتر نەکەوێت ؟
ئەگەر ئەوە نەکەین ، ناچارین ڕۆژێک بەدەنگێکی کزەوە بڵێین :-
(enemy at the gates) بەڕێزان بەداخەوە (دوژمن لە دەرگاکانمانن) هەموو شتێک وا خەریکە دەکەوێت ، دەڕوخێت ، تەنها بواری شوانەکان ، پەراوێزخراوەکان ، بێ پشتوپەناکان بدەن ، بیانکەنە نموونەی باڵا ، نەک ماستاوچی و دەربار و فووتێکراوەکان، لە ناو ئەم هەموو جەنگە کۆمەڵایەتی و کلتورییەدا کە دواین سەربازی بەرگری خەریکە هەڵدێت کۆمەڵگا پێویستی بە پاڵەوانەکانییەتی بەرزبکرێنەوە ، نەک ساقیتەکانی ..............................................
*(enemy at the gates) دوژمن لە دەرگاکانە ، ناوی شاکاری سینەمایی دەرهێنەری مەزن (جان جاک انو)یە ، لای خۆمان بە فیلمی (قەناسەکە ناسراوە) ، پرسیارەکە ئەوەیە (کەس پاڵەوانێکی پێ شک دێت)
پاڵەوانەکان ئەوانە نین کە دروستکراون بەڵکو ئەوانەن کە کەس نایانبینێت ، تەنها ئومێدێکیش بە نەکەوتنی هەرکۆمەڵگەیەک هەبێت بۆ هیوا بۆ ئاشتی بۆ ڕزگاربوون لەسەر ئەوانە
هەڵدەچنرێت کە ونن
بەسوپاسەوە وەرگیراوە…